howexshter.jpgئەو بابەتەم بە پاڵپشتی نووسینەکانی مێژووناسی بەناوبانگی ڕووسی ئیگۆر میخائیلۆویچ دیاکۆنۆف نووسیوە کە وەک ڕۆژهەڵات-ناسێک کتێبی زۆر لە سەر مێژوو نووسیوە.

ماد ناوی بەشێک لە ئاریایێکانە کە لە زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس و ئارارات نیشتەجێ بوون و لە ١٠٠٠ ساڵ پێش لە زائین کۆچیان بۆ ئەو ناوچەیە کردۆ. مادەکان بناغەی یێکەمین سیستەمی پاشایەتیان لە ناو ئاریایێکان دا دامەزراند و دەسەڵاتی پاشایەتی خۆیان لە ٧٢٨-٥٥٠ پێش زائین بەڕێوە برد. ئەوە مادەکان بوون کە لە سەرەتای سەدەی ٦ پێش زائین توانیان بە تێکقرمانی ئیمپراتۆری ئاشووری و دەست-بەسەرکردنی ڕۆژهەڵاتی لیدیە ببن بە زلهێزی ئاسیا. دەسەڵاتی پاشایەتی ماد لە کاتی هۆوەخشتەر گەییش بە ئاستی گەورەترین هێزی ڕۆژئاوای ئاسیا و تەواوی ناوچەکانی ئەفغانستان و ئێران و تورکیە و بەشێک لە سوریەی هێنا ژێر یێک ناو و یێک ئاڵا.

هۆوەخشتەر بەدیهێنەری یێکەم هێزی راستەقینەی ماد بوو و بناغەی نیشتمانی لە سەر ئەساسی خاڵە جیاوازەکانی نەتەوە جیاوازەکانی وڵات داڕشت کە ئەوە خۆی گرینگترین ڕووداو لە مێژووی ئەو ناوچەیە دایە.

کۆی هێرشەکانی ئیمپراتۆری ئاشووری بۆ سەر نیشتمانی مادەکان لە سەدەی ٨ پێش زائین و مەترسی هێرشی عەرەب لە لایان هێزی گەورەی ئاشووری، پێداویستی پێکهاتنی هێزێکی ناوەندی بۆ مادەکان زەق کردەوە کە نوێترین کۆچکەرانی زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس بوون.

ئاشوورێکان دەسەڵاتی ئاسیایان بۆ ٥٠٠ ساڵ بەدەستەوە بوو و ئەوە مادەکان بوون کە بۆ یێکەمجار بەرەنگاری ئاشوورێکان بوونەوە و سەریان بۆ چەوسانەوە دانەخست و خەباتیان بۆ ئازادی و رزگاری کرد. یێکەم کەتیبەیێک کە ئاماژەر بە مادەکان کردۆت، کەتیبەیێکە کە راپۆرتی هێرشی شەلمانسەری سێهەم بۆ سەر ناوچە لە چیاکانی کوردستان ساڵی ٨٣٧ پێش زائین تۆمار کراوە. مادەکان لە نەژادی هیند و ئەورووپایین و وێدەچی لە ١٠٠٠ ساڵ پێش زائین لە باکوری دەریای خەزەرەوە ( کاسپیان ) بەرەوە ڕۆژئاوای ئاسیا کۆچیان کردۆ. هێستێ پاش لێکۆڵینەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕۆژئاوای ئێران کۆمەڵێک ئاسەوار لە مادەکان بە تایبەتی لە ناوچەی تەپکەی هێگمەتانە ( هەمەدان ) دۆزراوەتەوە. تەپکەی هێگمەتانە تەپکەیێکی مێژووییە کە پێشینەی دەگەڕێتەوە سەر مادەکان. نووسینەکانی یۆنانیش باس لەوە دەکات کە ئەو شارە لە کاتی دەسەڵاتی مادەکان ( نێوان کۆتایی سەدەی ٨ پێش زائین و نیوەی یێکەمی سەدەی ٦ پێش زائین ) بۆ ماوەیێکی زۆر پێتەختی ئیمپراتۆری ماد بۆ و پاش ڕووخانی دەسەڵاتیان وەک پێتەختێکی هاوینی لە لایان هەخامەنەشێکانەوە بەکار هاتۆت. نووسینەکانی هێرۆدۆتی یۆنانی لەو پێوەندێ دا کە لە سەدەی ٥ پێش زائین نوسراون، باشترین سەرچاوەی مێژوویی لەو بوارە دان. لە راستیدا بۆ یێکەمجار لە نیوەی دوهەمی سەدەی ٥ پێش زائین بوو کە هێرۆدۆت مێژووناسی یۆنانی هەوڵی بۆ داوە. دیارە لە کەتیبەکانی تیگلت پیلسری ٣ کە لە سەدەی ٨ پێش زائین تۆمار کراوە وە هەروەها لە کەتیبەکانی سەناخریب و ئەسرحەدوون و شلمانسری ٣ دا ئاماژە بە ناوچەکانی ماد کراوە. دیارە لە کطیبی ئاسمانی یەهۆدیکانیش ( تەورات ) دەکرێ وەک سەرچاوە بۆ زانیاری سەبارەت بە مادەکان کەڵک وەربگیرێت.

ماد نێوی نیشتمانێکە کە نەژادی مادەکان نیشتەجیی بوون. ئەو وڵاتە بەرینە کە لە بەشی ڕۆژئاوای ئێران جێی گرتبوو. ناوچەی ئازەربایجانی ئەوڕۆکە لە باکوری ڕۆژئاوای ئێران بە ناوی مادی بچووک و ناوچەکانی تارانی ئەوڕۆ و بیابانی لوتی ئێرانی ئەوڕۆ و هەمەدان و کرماشان و لۆرستان و کردستان بە ناوی مادی مەزن ناسرابوون، پێتەختی مادەکان هێگمەتانەی نیو بوو کە لە دوایی دا گۆڕیان بە ئێکباتان. مادەکان لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس ئاسن و مس و فافۆن و زیڕ و بەردی پڕ نرخیان دۆزێوە و چۆن ژیانێکی ساکاریان هەبوو زۆرتر لە ڕێگای کشت و کاڵ و ئاژەڵداری لە تەپکەکانی چیاکان ژیانیان دەبردە پێش.

بە پێی سەرچاوەکانی کۆنی ئاشووری و یۆنانی و ئێرانی لە کۆی نووسراوەکان ئاوا دەردەکەوێت کە مادەکان خۆیان لە ٦ عەشیرەتی جیاواز پێک هاتبوونن

١.بووسیان ( کاردۆخێکان و میتانێکان )

٢.سترۆخاتیان ( ساگارتێکان و کرمانجەکان )

٣.بوودێکان ( لۆرەکان )

٤.ئاریزانتێکان بە واتەی بنەماڵە نەجیبەکان

٥.مۆغەکان و ڕەغەکان

٦.پارتاکانێکان کە لە قەراغ ئاو ژیانیان دەکرد و هەر بەو واتەیەیە.

بە پێی سەرچاوە یۆنانێکان کەماندارەکانی ساگارتی یان ساگرتی یان زاکرۆتی لە ناوچەکانی پارێزگای کرماشان ژیانیان دەکرد و بە شێوەی بابلی-یۆنانی نێوی زاگرۆسیان لە سەر زنجیرە جیاکانی ئەو ناوچەیان دانا. پارسەکان ماوەیێکی زۆر میوانداری ئەو خەڵکە لەو ناوچەیە دا بوون تا ئەوە کە لە دوایی دا بەرەو باشووری ئێران کۆچیان کرد.

 

شەڕی ئاشوورێکان و وڵات ماد

کۆی هێرشەکانی ئاشوور بۆ سەر وڵاتی ماد لە سەدەی ٨ پێش زائین نەیتوانی هێزی مادەکان تێک بشکێنێت و زۆربەشی هێرشەکان تەنیا وەک تاڵانی ناوچە جۆراوجۆرەکان بوون. هەر وەکی پێشتر ئاماژە کراوە مادەکان بە پێویستیان زانی کە بناغەی دەسەڵاتێکی بەهێزی ناوەندی دابمەزرێنن.

 

بەدیهاتنی پاشایەتی ماد

بە پێی لێکۆڵینەوەکانی مێژووناسەکانی یۆنانی، پاش هێرشەکانی سووری ئاشوورێکان بۆ سەر نیشتمانی مادەکان، لە ساڵی ٧٠٨ پێش زائین، سەرۆکی یێکێک لە بنەماڵەکانی ماد بە ناوی دیاکۆ لە لایان پارلەمانی یێکگرتووی مادەکان وەک پاشای نەتەوەی ماد هەڵبژێردرا و ئەرکی پێکهێنانی دەسەڵاتێکی ناوەندی پێ سپاردرا. دیاکۆ ( دیۆکس لە زمانی یۆنانی دا ) بە ڕێکخستنی ناوچە جیاوازەکان و پێکهێنانی یێکگرتوویی لە نێوانیان دا و هەروەها داڕشتنی یاسای هاوبەش بۆ تەواوی مادەکان، وەک یێکەم سەرۆکی مادەکان ناسراوە و ئەوە دیاکۆ بوو کە هیگمەتانەی ( هەمەدانی ئەوڕۆ کە بە واتەی شوێنی کۆ بوونەوەیە ) وەک پێتەختی وڵاتی ماد هەڵبژێردرا.

یێکیک لە کەتیبەکانی ئاشووری ناو لە کەسێک بە ناوی دیاکۆ دەبات کە ٢٠ ساڵ پێش هەڵبژاردنی بۆ سەرۆکایەتی پاشایەتی وڵاتی ماد، هەنگاوی زۆری هەڵێنابوو بە دژی وڵاتی ئاشوور و چەندین بزووتنەوەی بە دژی ئاشوورێکان بەڕێوە بردبوو کە بۆ سەرکوت کردنیان پێویست ببو شای ئاشووریکان بە ناوی سارگەنی ٢ خۆی بەشداری شەرەکان بکات. لەوکاتەدا ( ٢٠ ساڵ پێش هەڵبژاردنی پاشای ماد ) دەسەڵاتی ئاشوورێکان دیاکۆ و تەواوی ئەندامانی بنەماڵەکەی لە ناوچەی دانیشتوو-بوونیان دەر دەکەن. ٢٠ ساڵ دوای ئەو ڕووداوە دیاکۆ وەک پاشای مادەکان دێتە هەڵبژاردن و وەک نەیار و دوژمنی زەق و بەرچاوی ئاشوورێکان دیسان دێتەوە گۆڕەپانی شۆڕش.

 

پاشاکانی ماد

دیاکۆ (دیۆکس )

دیاکۆ منداڵی فەرائەرت یێکەم کەس بوو کە مادەکان وەک سەرکردەی خۆیان هەڵیانبژارد. پێتەختەکەی ئێکباتان ( هەمەدان ) بوو و توانی مادەکان بە یێکەوە ڕێک بخات. دیاکۆ بۆ ماوەی ٥٣ ساڵ لە نێوان ساڵەکانی ٧٠٨ تا ٦٥٥ پێش زائین پاشایەتی کرد. پاش شکەستی دیاکۆ لە ئاشوورێکان کورەکەی دیاکۆ بە ناوی فەروەرتیش، هێزی سەرۆکایەتی مادەکانی بەدەستەوە گرت و وەک باوکی بە دژی ئاشوورێکان هەستاوە.

 

فەروەرتیش

پاش دیاکۆ، فەروەرتیش بۆ ماوەی ٢٢ ساڵ لە نێوان ساڵەکانی ٦٧٥ تا ٦٥٣ پێش زائین پاشایەتی کرد و توانی تەواوی خەڵکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی بە یێکەوە ڕێک رابگرێت. لە نێوان ساڵەکانی ٦٧٢ تا ٦٧٣ پێش زائین شەڕی دەگەڵ ئیمپراتۆری ئاشوور کرد، بەڵام لە بەرانبەر ئاشوورێکان دا شکەستی هێنا. فەروەرتیش بە سەر ناوچەکانی رەی و ئیسفەهان و ئازەربایجان و کرماشان و کوردستان و هەمەدان پاشایەتی کرد.

دەسەڵاتداری فەروەرتیش زۆرتر بۆ پاراستنی وڵات و نەزم بەخشین بە ناوخۆی نیشتمان و شەڕ کردن دەگەڵ نەیارانی دەرەوە تەرخان کرا. بەڵگەکانی ئاشووری ئاماژەیێکی بە بیرەوەرێکانی مادەکان سەبارەت بە ڕۆژئاوای وڵاتی ماد نەکردۆ بەڵام لە راستیدا باکوری وڵاتی ماد ( سکاکان و کیمرێکان ) گرینگێکی تایبەتی بۆ مادەکان و ئاشوورێکان هەبوو. پاش شکەستی دیاکۆ لە سارگەنی ٢، فەروەرتیش لە ماوەی ٢ ساڵان دا لە بەرانبەر ئاشوورێکان دا شەڕی کرد و لە سەرەتای سەدەی ٧ پێش زائین لە سەرەتای دەسەڵاتی فەروەرتیش دا، عەشیرەتی کیمرێکان کە لە باشووری دەریای ڕەش دا ژیانیان دەکرد، دژ بە ئاشوورێکان شەڕیان کرد. هێرشەکانی کیمرێکان توانی زەختێکی باش بخاتە سەر ئاشوورێکان بەڵام لە تێکقرمانی تەواوی ئیمپراتۆری ئاشوور دا سەرکەوتوو نەبوون.

 

خەشتەریتە

پاش فەروەرتیش سەرۆکایەتی و پاشایەتی مادەکان لە نێوان ساڵەکانی ٦٥٣ تا ٦٢٥ پێش زائین کەوتە دەستی خەشتەریتە. خەشتەریتە یێکەم پاشای مادەکان بوو کە هێزی یێکەم ڕۆژئاوای ئاسیای پێک هێنا. بە دوای هێرشە بەردەوامەکانی ئاشوورێکان بۆ سەر نیشتمانی ماد، خەشتەریتە بۆ کۆتایی هێنان بەو هێرش و دەست-درێژیانە دەگەڵ مانەنا و سەکاکان پەیمانی دۆستایەتی بەست و تەواوی هێزی خۆی لە سەر دژایەتی و شەڕی ئاشوورێکان کۆ کردەوە. خەشتەریتە لە ساڵی ٦٢٥ پێش زائین کۆچی دوایی کرد.

 

هۆوەخشتەر

پاش خەشتەریتە، کورەکەی بە ناوی هۆوەخشتەر ( کەیخەسرەو ) بە پاشایەتی مادەکان گەییشت. ناوی ئەو پاشایە لە شاهنامەی فەردۆسی و کتێبی ئەڤێستا دا وەک سەرکردەی بێ وێنە و نەمری مادەکان هاتۆت کە لە نێوان ساڵەکانی ٦٢٥ تا ٥٨٥ پێش زائین دەسەڵاتی نیشتمانی مادەکانی بەدەستەوە بۆ. هۆوەخشتەر ئیمپراتۆری مادەکانی وەک یێک هێزی گرینگی جیهانی بەرز کردەوە.

 

ئیشتۆویگۆ

ئیشتۆویگۆ دوایین پاشای مادەکان بوو کە لە نێوان ساڵەکانی ٥٨٥ تا ٥٥٠ پێش زائین وەک جێگری هۆوەخشتەر پاشایەتی مادەکانی کرد. لە سەر ئەو پاشایە سەرچاوەکانی فارسی و یۆنانی زانیارێکی زۆریان تۆمار نەکردۆ و زۆرتر ئاماژەیان بە دوایی ڕۆژەکانی سەردەمی دەسەڵاتی ئیشتۆویگۆ کردۆت. دیارە ئیشتۆویگۆ هەر هەمان ئازدیاکە کە هێرۆدۆت بەو ناوە باسی لە سەر کردۆ. ( لە بابەتی ماد لە ڕوانگەی هێرۆدۆت دا کۆمەڵێک زانیاریم لە سەر ئازدیاک نووسیوە کە دەتوانن لەوێ بیخێننەوە ).


شەڕەکانی ئاشوور و وڵاتی ماد

لە سەرەتای ساڵی ٦٧٣ پێش زائین شەڕی مادەکان دەگەڵ ئاشوورێکان دیسان سەر دەگرێتەوە و لەو کاتە را لە بەڵگەکانی ئاشووری مادی وەک وڵاتێکی بەهێز هاتۆتە بەر باس کە ئەوە خۆی بە واتەی ڕەسمی ناسینی ئەو ئێمپراتۆریە لە لایان ئاشوورێکانەوە. لە ساڵی ٦٥٠ پێش زائین پاشایەتی ماد دەسەڵاتێکی زۆر بەهێز یەکسان وەک مانەنا و ئۆرارتۆ و ئیلام ساز دەکات و هێرش دەباتە سەر ناوچەی باکوری ڕۆژئاوای نیشتمان و لە سەر ڕێگای خۆی سامانی ئۆرارتۆکان تێک دەدا و ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاناتۆلی بە دەستەوە دەگرێت.

ئاشووربانیپاڵ پاشای ئاشوور

لە کاتێکدا کە ئاشووربانیپاڵ پاشای بەهێزی ئاشوورێکان لە سەر دەسەڵات بوو، شەڕێک لە ناوبەری مادەکان و ئاشوورێکان سەری نەگرت بەڵام شەڕی نێوان ئاشوورێکان و ئیلامێکان تا ڕادەی شکەستی ئیلامێکان لە ساڵی ٦٤٠ پێش زائین چوو پێشێ و هاوکات ئێمپراتۆری ماد خەریکی بەهێز-کردنی خۆی بوو.

پێکهێنانی پاشایەتی سەرتاسەری مادەکان

هۆوەخشتەر مەزنترین پاشای مادەکان بوو. توانایێکانی ئەو لە پێک هێنانی سوپایێکی یێکگرتوو و بەستنی گرێبەست و پێکهاتن دەگەڵ هەندێک لە وڵاتانی جیرانی خۆی، مادی کرد بە یێکەم هێزی ڕۆژئاوای ئاسیا. هۆوەخشتەر لە ١٠ ساڵی سەرەتای دەسەڵاتی خۆی توانی کە پێوەندێکانی دەگەڵ پاشای سکاکان ( پرۆتۆسیس ) بە یێکگرتوویی و برایەتی بگایێنێت. هۆوەخشتەر سوپای خۆی لە ٢ بەش پێک هێنابوو. بەشی شەڕکەڕی بەپێوە و بەشی سوار کە تیریان دەهاویشت و هۆوەخشتەر لە راستیدا ئەو فێڵە لە سکاکان فێر ببو و بۆ یێکەمجار لە داشقەی شەڕی کە نەیزەت تیژیان پێوە بوو کەڵکی وەرگرت کە سەد ساڵ دوای ئەو لە لایان کوورووش و داریووشەوە بەکار هێندرا. لەوکاتەدا شای بێ ڕەحمی ئاشوورێکان بەناوی ئاشوور بەنی پاڵی ٢ لە ژیان دا نەمابوو. لە لایێکی دیکەوە هۆوەخشتەر گرێبەستی ئاشتی دەگەڵ نێبووپۆلسەر شای کەلدانێکان نووسی کە تازە توانیبوویان دەسەڵاتی ئیلامێکان تێک بشکێنن و گرێبەستەکەیان لە سەر بنەمای دژایەتی ئاشوورێکان ساغ ببۆوە. لە کاتی هۆوەخشتەر مادەکان توانیان تەواوی عەشیرەتەکانی ناوچەکانی ئاریازێنتا و پارتاکانێکان و خەڵکانی ناوچەکانی گورگان بخاتە ژێر دەسەڵات و ئاڵای خۆیان و سامان و ئیمپراتۆری بەهێز و یێکگرتووی مادەکان پێک بێنن و هۆوەخشتەر هێرشی بردە سەر فارسەکان و تەواوی عەشیرەتەکانی فارسی هێنا ژێر دەسەڵات و فەرمانی خۆی و چۆکی پی دانان.

 

هێرشی ماد و تێکقرمانی سامانی ئاشوور

هۆوەخشتەر شای مادەکان لە پاڵپشتی بابێل شەڕ بە دژی ئاشوورێکانی ڕاگەیاند. هۆوەخشتەر لە ساڵی ٦١٤ پێش زائین لە چیاکانی زاگرۆس گوزەرا و وێڕای داگیر کردنی ناوچەکانی ئاشووری سەر ڕێگای خۆی، شاری ئاشوور پێتەختی ئاشوورێکانی دەور دا. پاش ڕووخانی شاری ئاشوور پاشای بابێل لە شارئ ئاشوور هاتە دیتنی هۆوەخشتەر و لەوێ بە شێوەی ڕەسمی دۆستایەتی و برایەتی بابێلێکان و مادەکانی ڕاگەیاند. لە ساڵی ٦١٣ پێش زائین پاشای ئاشوورێکان لە نەینەوا ژیانی دەکرد و ئەو شارەش لە ساڵی ٦١٢ پێش زائین لە لایان هۆوەخشتەرەوە داگیر کرا. هێزەکانی ماد و بابێل توانیان پێتەختی ئاشوورێکان بڕووخێنن و یەکسانیان کرد دەگەڵ خۆڵ و بۆ تەواوی مێژوو کۆتایی بە ئیمپراتۆری ئاشوور بهێنن.

شکەستی ئاشوور و دەست بەسەر کردنی ڕۆژهەڵاتی لیدیە

لە سەرەتای سەدەی ٦ پێش زائین پاش شکەستی ئاشوورێکان و دەست بەسەر کردنی ڕۆژهەڵاتی لیدیە، ئیمپراتۆری ماد بوو بە گەورەترین و گرینگترین هێزی ئاسیا. ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە نیوان ٢ پاشای بەهێزی بابێل و ماد دابەش کرا.

بەرز بوونەوەی پاشایەتی ماد بەرەو پاشایەتی ئاسیایی

لەو کاتەدا هۆوەخشتەر دەسەڵاتداری ڕۆژئاوای ئاسیای دەکرد. ماد و ئۆرارتۆر و ئاشوور و سوریە هەر هەموویان لە ژێر دەسەڵاتی هۆوەخشتەر بەڕێوە دەچوو. پاشایەتی ئیلام کە نیو سەدە پێشتر لە لایان ئاشوورێکانەوە لاواز کرابوو، دەرگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەی ژێر دەسەڵاتی خۆیان بۆ فارسەکان کردبۆوە و دەگەڵ فارسەکان بە یێکەوە ژیانیان دەکرد بەڵام لە هەمان کات دا باج و زەریبەیان دەدا بە دەسەڵاتی پاشایەتی ماد.

سامانی ماد بە پێکهێنانی ڕێکخراو بە شێوەی بەربڵاو و ڕێک و پێک لە سەر بنەمای ئیدارەی جیاواز جیاوازی بەهێز لە بوارەکانی رامیاری و ئابووری و چەکداری سیستەمێکی شازی پێک هێنا. دیاکۆنۆد لە ڕووی بەرد-نووسەکانی بێستونی کرماشان دەڵە کە ڕێکخراو و ئیدارەکانی فارس لە بواری دەوڵەتی و کۆمەڵایەتی لە ژێر چاوەدێری مادەکان کارەکانیان دەبردە پێش. هۆوەخشتەر لە نیشتمان دا دەستی کرد بە ئاوەدان کردنەوە و هاوکات لە ڕۆژهەڵات را دەسەڵاتی خۆی تا چۆمی جەیحوون بەرینتر کردەوە و زۆر زوو توانی ناوچەکانی فارس و کرمان بخاتە ژێر دەسەڵاتی خۆی و هەر وەک لە خەریتە دا دەبحنن، هۆوەخشتەر بۆ یێکەمجار توانی گەورەترین نیشتمانی ئاسیا پێک بێنێت و ئەوەش بوو بە هۆکاری ئەوە کە فارسەکان زۆرتر دەگەڵ ئیلامیکان تێکەڵاویان کرد، بەڵام هەر هەموویان لە ژێر ئاڵای ماد ژیانیان دەبردە سەر. خەڵکانێکی کە ئەوڕۆ دەگەڕێنەوە سەر مادەکان، کوردەکانن.

شارستانیەتی مادەکان

شارستانیەتی ماد توانی لە داڕشتنی بناغەی شارستانیەت دا کاریگەری باشی هەبێت. پارسەکان ئەلف و بێ و ٣٦ پیتی خۆیان لە مادەکانەوە وەرگرتۆ و ئەوە مادەکان بوون کە بوونە هۆکاری ئەوە کە پارسەکان بە جیگای لەوحی گڵی لە قاقەزی پێستی و قەڵەم بۆ نووسین کەڵک وەربگرن. مادەکان یێکەم کەس بوون کە کۆڵەکەیان لە بیناسازی دا بەکار هێنا و پارسەکان لە دوایی دا لەو شیوەیە زۆریان کەڵک وەرگرت.

لێرەدا باشترە ئاماژە بەو خاڵانە بکەین کە پیوەندی بە مادەکانەوە هەیە و لە دوایی دا پارسەکانیش کەڵکیان لێ وەرگرتۆ:

١.یاسای ئەخلاقی و کشت و کاڵ

٢.نەترس بوون لە کاتی شەڕ

٣.ئایینی زەردەشتی و بروا بە ئەهوورا مەزدا

٤.باوکسالاری

٥.ئاسایی بوونی فرە ژنی

لە ئایەتێکی کتێبی دانیالی نەبی دا ئاوا نووسراوە: بۆ ئەوەی شەرعیەتی پارسەکان و مادەکان کاتێک ناسڕێتەوە کە ئەوە لەبەرچاو بگیڕێت کە سەرچاوە و ڕیشەیان دەگەڕێتەوە سەر ماد.

تەنانەت بناغە و سەرچاوەی بیناکانی سەردەمی هەخامەنەشیکانیش دەگەڕێتەوە سەر مادەکان. بە هۆی ئەوە کە زۆرینەی سیستەمی پارسەکان لە دوایی دا شێوەی لاسا کردنەوەی مادەکانی لە بوارەکانی سوپایی و بیناسازی و کۆمەڵایەتی و دابو نەریتی هەبوو، هەر ئەوە بوو بە هۆکاری ئەوە کە یۆنانێکان لە چەندین سەدە دا پێوەندیان داوەتەوە بە مادەکان و میراتی مادەکان بۆ ناوچە. دەسەڵاتی ئێشتۆویگۆ توانی ئاستی مادەکان لە وڵاتێکی زلهێزی چەکداری بگەیێنێت بە کانگا و ناوەندی فەرهەنگ و داب و نەریت. بەرنووسەکانی بێستونی کرماشان خۆی ئەو شتە دەسەلمێنێت کە ناوەندی فکر و زانستی ناوچە پێوەندی بە مادەکان و بە تایبەتی سەردەمی ئێشتۆویگۆ هەیە.

 

 

median_empire.jpg

 

 

Soran Karbasian