به‌عس. له‌ وشه‌ دا به‌ واته‌ی ڕابوون و ڕاپه‌ڕینی گشتیه‌. نێوی بزووتنه‌وه‌یێکی عه‌ره‌بیه‌ و هه‌ر وه‌ها نێوی حیزبێکه‌ که‌ هه‌وڵ ده‌دات لێکدانه‌وه‌یێکی کۆمه‌ڵایه‌تی مارکسیستی ده‌گه‌ڵ ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌ب گرێ بدات. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ ساڵی 1944 دا له‌ ده‌مێشق پێته‌ختی سوریه‌ به‌ شێوه‌ی یێکگرتوویی نهێنی له‌ لایان خوێنده‌کاران و رووناکبیرانی گه‌نج به‌ سه‌رکردایه‌تی میشل افلق و صلاح بیطار پێک هات و ئامانجیان لابردنی ده‌سه‌ڵاتی فه‌رانسه‌ به‌ سه‌ر سوریه‌ دابوو

ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ پاش سه‌ربه‌خۆیی سوریه‌ به‌ ئاشکرایی چالاکی کرد و گه‌ڵاڵه‌یێکی هێمنی ڕاگه‌یاند و به‌ پشتیوانی زۆر گه‌وره‌ی رامیاری و ئابووری له‌ لایان زه‌ویداره‌کان و بازه‌رگانه‌کان و ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانی سوریه‌ خه‌باتی خۆیان درێژه‌ پێدا. حیزبی به‌عس له‌ ساڵی 1953 دا ده‌گه‌ڵ حیزبی سوسیالیستی سوریه‌ تێکه‌ڵ بوو و سه‌رۆکایه‌تی حیزبیش به‌ ده‌ستی اکرم حورانی بوو و ناوی حیزبه‌که‌شیان کرد به‌ حیزبی سوسیالیستی به‌عسی عه‌ره‌بی. ئه‌و حیزبه‌ له‌ سه‌ره‌تا دا پشتیوانی له‌ پان عه‌ره‌به‌ توونده‌کان و سه‌رۆکایه‌تی شۆڕشی 1925ی میسری ده‌کرد و ته‌نانه‌ت بوو به‌ هۆکاری یێکگرتوویی سوریه‌ و میسر که‌ به‌ کۆماری یێکگرتووی عه‌ره‌ب ناوبانگی ده‌رکرد و ئه‌و کۆماره‌ ده‌گه‌ڵ عه‌بدۆل که‌ریم قاسم له‌ عێراق دا کێشه‌ی گه‌وره‌ و خوێناوی هه‌بوو. پاش له‌ناو چوونی ته‌واوی حیزبه‌کان له‌ کۆماری یێکگرتووی عه‌ره‌ب، حیزبی به‌عس ، به‌ تایبه‌تی لایه‌نی اکرم حورانی، به‌ دژی ناسر هه‌ستا و پاش ڕووخانی کۆماری یێکگرتووی عه‌ره‌ب له‌ ساڵی 1961 دا ورده‌ ورده‌ هێزی گشتی ناو سوریه‌ی به‌ ده‌سته‌وه‌ گرت و له‌ ساڵی 1963ێوه‌ بوو به‌ تاقه‌ حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار و چالاکی سوریه‌. به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌ که‌ هێزی زۆرتری حیزب له‌ به‌شی چه‌کداری دابوو، له‌ دوای ساڵی 1970 را به‌ولاوه‌ ئه‌و حیزبه‌ گرینگی خۆی له‌ ناو سوریه‌ دا له‌ ده‌ست دا. حیزبی به‌عس له‌ ناو عێراق دا، پاش نه‌مانی قاسم توانی که‌ ده‌سه‌ڵات به‌ده‌سته‌وه‌ بگرێت، به‌ڵام جێگری عبدالسلام عارف ئه‌و حیزبه‌ی خاوێن کرده‌وه‌ و زۆرکه‌سی له‌ حیزب وه‌ده‌رنا. پاش مردنی عارف له‌ ساڵی 1965 دا بۆ جارێکی دیکه‌ به‌ ده‌سه‌ڵات گه‌ییشته‌وه‌. له‌ ناوه‌ڕۆک دا ئه‌و حیزبه‌ ته‌نیا جلێک بوو بۆ شاردنه‌وه‌ی گرۆپێکی چه‌کدار که‌ بنه‌مای ناوچه‌یی و بنه‌ماڵه‌ییان هه‌بوو. حیزبی به‌عس له‌ ساڵی 1964 له‌ سوریه‌ ده‌ستی کرد به‌ نه‌ته‌وه‌یی کردنی ڕێکخراوه‌کان و کۆمپانیاکان. ئه‌و حیزبه‌ له‌ وڵاتانی لوبنان و ئۆردۆنیش دامه‌زرا. حیزبی به‌عس له‌ لایه‌نه‌کانی هه‌ره‌ تووندی دژ به‌ ئیسرائیله‌ و لایه‌نگری ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌به‌ و هێستێ له‌ سوریه‌ و تا چه‌ند ساڵ پێش له‌ عێراق ده‌سه‌ڵاتی ته‌واویان پێبوو به‌ڵام به‌عسێکانی سوریه‌ و عێراق به‌ یێکه‌وه‌ هاوبیر نه‌بوون و دژایه‌تێکی زۆر سه‌یریان به‌رامبه‌ر به‌ یێک هه‌بوو

Soran Karbasian